له سهردهمێکدا که جیهان زیاتر له ههر کاتێکی دیکه پێویستی به گفتوگۆ، دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان هەیە، بەردەوامیی ڕەفتارە گرژکەرەوەکان لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترامپەوە، نیگەرانی قووڵی دەربارەی ئایندەی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی دروست کردووە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕای گشتی جیهان ڕووبەڕووی بووەتەوە، تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی نێوان دوو حکومەت نییە؛ بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکە بۆ پێگەی بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەو بنەمایانەی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دانوستان، پەنا نەبردن بۆ هێز و پشتیوانیکردن لە مافی نەتەوەکان داڕێژراون.
لە کاتێکدا کە ئێران جارێکی دیکە ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆی هەڵبژاردووە و ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە نیشان داوە، هەر کاتێک نیشانەکانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا دەردەکەون، شاهیدی گەڕانەوەی زمانی هەڕەشە، گوشار و هەنگاوە گرژکەرەوەکان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دەبین. ئەم دژایەتییە ئاشکرایە، پرسیاری جدی دەربارەی ڕاستگۆیی ئەو ڕێبازە دروست دەکات کە لە لایەکەوە باس لە دانوستان دەکات و لە لایەکی دیکەوە بە زمانی هەڕەشە و گوشار، کەشی متمانە تێکدەدات.
نیگەرانکەرتر ئەوەیە کە لە هەندێک کاتدا تەنانەت باسی دەستبەسەرداگرتنی خاک یان قۆستنەوەی سەرچاوە نیشتمانییەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەکرێت؛ زمانێک کە نەک تەنیا لەگەڵ میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا ناسراوەکانی نێودەوڵەتیدا ناگونجێت، بەڵکوو بیرهێنەرەوەی قۆناغگەلێکە لە مێژوو کە جیهان تێچووی قورسی بۆ تێپەڕاندنی داوە.
بەڵام لە سەرووی هەموو باسە سیاسی و یاساییەکانەوە، قوربانیی سەرەکیی ئەم گرژیانە خەڵکی ئاسایین.
لە پشتی هر هەڕەشەیەک، هەر گەمارۆیەک، هەر نائەمنییەک و هەر سەرکێشییەکی سیاسیدا، ژیانی ملیۆنان مرۆڤ هەیە. ئەو منداڵانەی کە بە دڵەڕاوکێی داهاتووەوە گەورە دەبن. ئەو دایکانەی کە نیگەرانی ئەمنییەت و ئارامیی خێزانەکانیانن. ئەو بەساڵاچووانەی کە ساڵانی کۆتایی تەمەنیان لەژێر سێبەری نیگەرانی و نادڵنیاییدا بەسەر دەبەن. زیانە دەروونییەکانی سەرچاوگرتوو لە هەڕەشەی بەردەوامی شەڕ و ناسەقامگیری، کاریگەرییەک نییە کە بە کۆتاییهاتنی قەیرانێک لەناو بچێت؛ ئەم برینانە جاروبار ساڵان و تەنانەت نەوەکان دەمێننەوە و کار دەکەنە سەر تەندروستی کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابووریی کۆمەڵگاکان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت بەرامبەر بەم ڕاستییە مرۆییە بێدەنگ و بێباک بێت. بەرگریکردن لە ئاشتی تەنیا کاتێک مانا پەیدا دەکات کە هەموو نەتەوەکان، بەبێ جیاکاری، لە مافی ئەمنییەت، ئارامی و ژیانێکی بەبێ هەڕەشە بەهرەمەند بن.
لەبەر ئەوە، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانی حکومەتەکان، پەرلەمانەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوه مەدەنییەکان، ئەکادیمییەکان، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی قەیران و ناسەقامگیری، ناتوانێت یارمەتیدەر بێت لە جێگیرکردنی ئاشتیدا. جیهان پێویستی بە کۆدەنگییەکی ئەخلاقی و مرۆیی هەیە بۆ پشتگیریکردن لە دیپلۆماسی، دژایەتیکردنی هەڕەشە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان.
لە هەمان کاتدا، مێژووی ئێران گەواهی ڕاستییەکی ڕوون دەدات. نەتەوەی ئێران لە درێژەی سەدەکاندا چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش، گوشار و قەیران بووەتەوە، بەڵام هیچ کاتێک ناسنامە، کولتوور و ئیرادەی خۆی لەدەست نەداوە. ئێران خاکێکە کە لە ناو جەرگەی دژوارترین تاقیکردنەوە مێژووییەکان تێپەڕیوە و توانیویەتی هێرشبەران و قەیرانەکان لە پشت سەر بنێت، لە کاتێکدا کولتوور، شارستانییەت و میراتی مرۆیی خۆی پاراستووە.
ئێرانییەکان گەلێکی ئاشتیخوازن، بەڵام ئاشتیخوازی هیچ کاتێک بە مانای تەسلیمبوون لە بەرامبەر زۆرداری نەبووە. ئەم نەتەوەیە هەمیشە پێشوازی لە گفتوگۆ کردووە و لە هەمان کاتدا بەرگری لە سەربەخۆیی، کەرامەت و مافە شەرعییەکانی خۆی کردووە.
ئەمڕۆش پەیامی گەلی ئێران بۆ جیهان ڕوونە: ئێمە خوازیاری ئاشتی، ئەمنییەت و هاوکارین؛ بەڵام ئاشتییەک لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە، دادپەروەری و ڕەچاوکردنی مافی نەتەوەکان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت ڕێگە بدات کە زمانی هەڕەشە جێگەی زمانی دیپلۆماسی بگرێتەوە و بەرژەوەندییە سیاسییە کورتخایەنەکان، ئایندەی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی بخەنە مەترسییەوە.
بەرگریکردن لە گەلی ئێران، تەنیا بەرگریکردن لە نەتەوەیەک نییە؛ بەڵکوو بەرگریکردنە لە بنەمای ئاشتی، کەرامەتی مرۆڤ و سەروەریی یاسا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.




