بابەتپێشنیاری سەرنوسەر

پارادۆکسی شەرعییەت و بەرپرسیارێتی؛ داخورانی مافەکانی منداڵ لەژێر سێبەری «براندینگی سیاسی»ی پارتە کوردییەکان

شیکاریی ڕەهەندە یاسایی و جیۆپۆلیتیکییەکانی دیاردەی «سەربازگیریی نەرم» و کارکردی ئامرازیی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە پارتە چەکدارە کوردییەکاندا بە قەڵەمی د. فەرهەمەند

نووسەر: د. فەرهەمەند

لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی مافەکانی مرۆڤدا، زاراوەی «منداڵ-سەرباز» بەگشتی بە وێنەی گرووپەکانی وەک شەباب لە ئەفریقا یان داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەستراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، بابەتی ڕاکێشان و بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لەلایەن هەندێک پارتی چەکداری کوردییەوە، ڕەهەندی ئاڵۆزتری بەخۆوە گرتووە؛ ڕەهەندگەلێک کە تێیدا بابەتەکە تەنیا بە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی منداڵان لە ململانێکاندا سنووردار نابێت، بەڵکوو بە شێوازەکانی ڕاکێشان، ڕاهێنان و ئامادەکردنی مێردمنداڵان بۆ چالاکییە سەربازی و نیمچەسەربازییەکانیشەوە بەستراوەتەوە.

ئەم بابەتە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەم چاودێرانی مافی مرۆڤ: چۆن دیاردەی منداڵ-سەربازی، سەرەڕای بوونی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو بەڵێنانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕاگەیەندراون، هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە؟

لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکان بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەگەلێک لەگەڵ دامەزراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکاندا لەوانەش «بانگەوازی جنێڤ» (Geneva Call)، پابەندبوونی خۆیان بەرامبەر بە بەکارنەهێنانی کەسانی خوار ١٨ ساڵ ڕاگەیاندووە. ئەم ڕێککەوتنانە لەلایەن لایەنگرانیانەوە وەک هەنگاوێک بەرەو گونجاندن لەگەڵ ستانداردەکانی مافی مرۆڤدۆستانە دەخرێنە ڕوو.

بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە کە ئەم ڕێککەوتنانە، جگە لە ڕەهەندە یاساییەکەی، کارکردێکی سیاسی و ئیعتباریشیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، واژۆکردنی ئەم جۆرە بەڵگەنامانە دەرفەت بە پارتە چەکدارەکان دەدات کە خۆیان لە ڕای گشتیی ڕۆژئاوادا وەک ئەکتەرگەلێکی یاساناس، عەلمانی و پابەند بە نەریتە نێودەوڵەتییەکان نیشان بدەن و بە جۆرێک دەست بدەنە «براندینگی سیاسی» بۆ ئەوەی جیاوازیی خۆیان لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکاندا بەرجەستە بکەن.

لە هەمان کاتدا، یەکێک لەو تەحەددییانەی کە لەلایەن چاودێرانی مافی مرۆڤەوە دەوروژێنرێت، نەبوونی میکانیزمی سەربەخۆیە بۆ ڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە و هەروەها نەبوونی گرەنتیی جێبەجێکردنی سزایی لە زۆربەی ئەم ڕێککەوتنانەدا. بە بڕوای ئەم ڕەخنەگرانە، قبووڵکردنی پابەندبوونی ڕاگەیەندراو بەبێ سیستمێکی کاریگەری چاودێری و وەڵامدەرەوەیی، دەتوانێت زەمینە بۆ بەردەوامیی ئامادەبوونی مێردمنداڵان لە پێکهاتەکانی سەر بەم گرووپانەدا خۆش بکات، ئەگەرچی بە ناونیشان و قاڵبی جیاوازیش بێت.

یەکێک لە هێما و بەڵگە هاوبەشەکانی پارتە چەکدارەکان لە وەڵامی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤدا، جەختکردنەوەیە لەسەر «ئارەزوومەندانەبوونی» پەیوەستبوونی مێردمنداڵان بەم گرووپانەوە. ئەم پارتانە بەگشتی ڕایدەگەیەنن کە بەشێک لە مێردمنداڵان، لەژێر کاریگەریی جیاکاری, هەژاری، فشارە کۆمەڵایەتییەکان یان پاڵنەرە ئایدۆلۆژییەکاندا، خۆیان سەردانی ئەم ڕێکخراوانە دەکەن.

بەڵام لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و بەتایبەت «پڕۆتۆکۆڵی ئارەزوومەندانەی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ دەربارەی بەشداریی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا» (OPAC)، بابەتی ڕەزامەندیی کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە ژینگە سەربازییەکاندا مژارێکی جێی مشتومڕە. زۆرێک لە یاساناسان پێیان وایە کە لەم جۆرە بارودۆخانەدا، چەمکی ڕەزامەندی ناتوانرێت بە جیا لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و پڕوپاگەندەیی دەوروبەری مێردمنداڵەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، هەندێک لە توێژەرانی مافەکانی منداڵ جەخت لەسەر ڕۆڵی پڕوپاگەندەی میدیایی، نیشاندانی پاڵەوانانەی خەباتی چەکداری و بەهێماکردنی چەک لە پرۆسەی ڕاکێشانی مێردمنداڵاندا دەکەنەوە. بە بڕوای ئەوان، کاتێک مێردمنداڵێک بە بەردەوامی لەبەردەم پەیامە حەماسی، ناسنامەیی و ئامانجخوازەکاندا دەبێت، سنووری نێوان هەڵبژاردنی ئازاد و کاریگەریی ڕێکخراو کەمڕەنگ دەبێت؛ دیاردەیەک کە لە ئەدەبیاتەکەدا بە «سەربازگیریی نەرم» ناوزەد دەکرێت.

نەریتی دادوەریی نێودەوڵەتی: ئەو بڕیارانەی لە «دادگای تاوانی نێودەوڵەتی» (ICC) دەرکراون، لەوانەش لە دۆسیەی تۆماس لوبانگادا، بە ڕوونی نیشانیان داوە کە سەربازگیری و بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا، بەدەر لە پاڵنەرە سیاسییەکان، ئامانجە بەکۆمەڵەکان یان بانگەشەی ئارەزوومەندانەبوون، بەرپرسیارێتییەکی توندی سزایی لەسەرە و نموونەی تاوانی جەنگە.

پرسیارێکی دیکە کە لەم نێوەندەدا دەوروژێت، کاردانەوەی سنوورداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی کە پەیوەندییان بە منداڵ-سەربازانەوە هەیە لە هەندێک پێکهاتەی چەکداری کوردیدا. هەندێک لە شیکەرەوان وەڵامی ئەم بابەتە لە تێبینییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا دەدۆزنەوە. لە ساڵانی شەڕی دژی داعشدا، ژمارەیەک لەم پارتانە و هێزەکانی سەر بەوان وەک هاوپەیمانی مەیدانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناسران. ئەم هاوکارییە ئەمنی و سەربازییانە، بە بڕوای ڕەخنەگران، بووە هۆی ئەوەی کە ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی ئەگەریی مافەکانی منداڵ بخرێنە ئەولەویەتە نزمترە دیپلۆماسییەکانەوە.

ئەم دۆخە لەلایەن هەندێک چاودێرەوە وەک نموونەیەک لە «جیۆپۆلیتیکی بێدەنگی» وەسف کراوە؛ دۆخێک کە تێیدا جێبەجێکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی تێبینییە سیاسییەکان و هاوسەنگیی هێزەوە. لە ڕوانگەی ئەم ڕەخنەگرانەوە، پشتگوێخستنی ئەو حاڵەتانەی کە پەیوەندییان بە سەربازگیریی منداڵانەوە هەیە، دەکرێت ئەم پەیامە بە گرووپە چەکدارەکانی دیکە بگەیەنێت کە هاوتەریببوون لەگەڵ ئامانجەکانی ئەکتەرە بەهێزە نێودەوڵەتییەکان، تێچووەکانی سەرچاوگرتوو لە پێشێلکردنی هەندێک نەریتی نێودەوڵەتی کەم دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەی ئەم باسەدا، هەندێک لە پارتە کوردییەکان ڕاکێشانی مێردمنداڵان لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا پاساو دەدەن. بەڵام ئەم بەڵگەیەش لەگەڵ پرسیارێکی بنەڕەتیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە: ئایا ئامانج و ئاواتە بەکۆمەڵەکان دەتوانن سنووردارکەری مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان بن؟ پسپۆڕانی مافەکانی منداڵ پێیان وایە کە مافی بەهرەمەندبوون لە منداڵی، پەروەردە و گەشەکندنی سەلامەت دەبێت لە پێشینەی هەر جۆرە تێبینییەکی سیاسی یان سەربازیدا بێت. جێگۆڕکێی ژینگەی پەروەردەیی بە پێکهاتە سەربازییەکان، دەرئەنجامی قووڵ و درێژخایەنی بۆ کۆمەڵگە خۆجێییەکان و نەوەکانی داهاتوو لێ دەکەوێتەوە.

لە ئەنجامدا، ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی منداڵ-سەربازی لە ناوچە کوردنشینەکاندا پێویستی بە تێپەڕین لە ڕێوشوێنە هێماییەکان و جووڵە بەرەو میکانیزمە کاریگەرەکانی وەڵامدەرەوەیی هەیە. پێشنیاز دەکرێت کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، واژۆکردنی هەر جۆرە لێکتێگەیشتننامەیەک لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا مەرجدار بکەن بە توانای ئەنجامدانی پشکنینی سەربەخۆ و کتوپڕ لە ناوەندەکانی ڕاهێنان و ئەو کەمپانەی کە سەر بەوانن. ڕاستی بنەڕەتی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیی بەکارهێنانی منداڵان لە پێکهاتە سەربازییەکاندا، بە پشتبەستن بە پاڵنەرە سیاسییەکان لەناو ناچێت؛ چونکە مافەکانی منداڵ چەمکێکی گشتگیرە و نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی سنووربەندییە ئایدۆلۆژییەکانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button