بەرپرسێکی باڵای دیپلۆماسی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە خستنەڕووی وردەکارییەکی نیگەرانکەر، لە خراپ بەکارهێنانی هاوڵاتیانی ئێرانی لە لایەن گرووپە جیاخوازەکانەوە بە بەکارهێنانی سیاسەتی پێدانی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر بە ئەندامانی ئەم گرووپانە لە هەرێمی کوردستان هەواڵی دا و هۆشداری دا کە ئەم گرووپانە بە فێڵ، هەڕەشە و وێنەگرتن لە هاوڵاتیانی ئێرانی بەتایبەت گەنجان و مێردنداڵان، ئەوان ناچار بە ئەندامێتی زۆرەملێ لە گرووپەکانی دژە شۆڕش دەکەن و ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان لێ تێکدەدەن.
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی دیدبانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) لەژێر ناونیشانی “دەستبەسەرکردن، گواستنەوەی زۆرەملێ و بەرپرسیارێتی یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق“ سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی خۆڕسکانەی هاوڵاتیانی ئێرانی و گواستنەوەی زۆرەملێیان بۆ گرووپی چەکداری پاک بە هاوکاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ڕەنگدانەوەی لە ناوەندە میدیاییەکاندا، و هەروەها بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکی زاتی خۆی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی ناحکوومی چالاکی مافی مرۆڤدا، چووینە لای دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێرانی تا بتوانین بە ناسینی ڕەهەندەکانی زیاتری ئەم بابەتە بەدوای دابینکردنی مافەکانی هاوڵاتیانی کوردی ئێرانییەوە بین.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایە ئێرانییە لە گفتوگۆ لەگەڵ پەیامنێری دیدبانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لە پێناو بەدواداچوونی کاروباری پەیوەندیدار بە ئێرانییەکانی ناوچەی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە گرووپە جیاخوازەکان بە تەڵە و تەڵەکەبازی لە نێوان کەسانی بەدوای کاردا وێڵ؛ بۆ خۆیان هێز ڕادەکێشن و پاڵپشتی دیار و شاراوەش لەم پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؛ گوتی: «لە هەرێمی کوردستان بۆ نیشتەجێبوونی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەم هەرێمە و لە وڵاتانی ترەوە دێنە ژوورەوە، تێچوویەکی زۆر بەرز وەک حەقی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی سنوورداری یەک ساڵە دەستنیشان کراوە و ئێرانییەکانیش لەم بابەتە بەدەر نین؛ لە ڕاستیدا بڕی نزیکەی ملیۆنێک و دووسەد هەزار دینار بۆ بەدەستهێنانی نیشتەجێبوونی یەک ساڵە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.»
لای خۆشیەوە زیادی کرد: «بەداخەوە ئەم ئیمتیازە لە لایەن هەندێک لە دامەزراوە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان بە گرووپە جیاخوازە ئێرانییەکان دراوە تا هەر کەسێک کە ئەم گرووپانە بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەناسینن، حەقی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر وەربگرێت. ئەم ئیمتیازە بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی ڕێژەیەکی زۆر لە ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان.»
بە گوتەی ئەو، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە گرووپە ئاماژەپێکراوەکان، هاوڵاتیانی ئێرانی لەوانە کرێکاران, تەکنیکارانی تەکنیکی، چالاکوانانی بەشی خزمەتگوزاری و هتد کە بەدوای کاردا لە هەرێم دەگەڕێن، چ ژن یان پیاو، بە بەڵێنی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر بۆ خۆیان ڕادەکێشن و بە دامەزراوەکانی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی دەناسینن تا نیشتەجێبوونی بێبەرامبەریان بۆ وەربگرن. کاتێک حەقی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەریان پێ ببەخشرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم کەسانە خۆیان بە قەرزار و بارمتەی مەعنەوی ئەم گرووپانە دەزانن.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایە ئێرانییە بەردەوام بوو: «لە دۆخێکدا کە کەسەکە هێشتا باری دارایی و ژیانی خۆی جێگیر نەکردووە، گرووپی ئاماژەپێکراو بەرپرسیارێتی ئەو قبووڵ دەکات، نیشتەجێبوونی یەک ساڵەی بێبەرامبەری بۆ وەربگرێت و لە بەرامبەردا کارتی لایەنگری پێدەدات و وەک ئەندام یان لایەنگری گرووپەکە دەیناسێنێت. پاشان بە فێڵبازی، جلی سەربازی بە کەسەکان دەپۆشنن، وێنەیان لێدەگرن و وێنەکە لەسەر کارتی ئەندامێتییان بڵاودەکەنەوە. کاتێک وێنەکە بە جلی سەربازییەوە بڵاوبووەوە، بە کەسەکە دەڵێن تۆ ئیتر بوویتە ئەندامی گرووپەکە و بەم کارە لە کرداردا ئەو بێ ئەگەری گەڕانەوە بۆ وڵات، دەخەنە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی خۆیانەوە.»
ڕایگەیاند: «ئەوان هێدی هێدی کار لەسەر کەسەکە دەکەن، جۆرەها لە میکانیزمەکانی شوشتنی مێشک، پڕوپاگەندەی درۆ و پەروەردەی ئایدۆلۆژییان پێدەدەن؛ و پاشان چەک دەدەنە دەستیان و دووبارە فیلم و وێنەیان لێدەگرن و لە جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە تا سوژەکەی خۆیان وەک ئەندامی فەرمی گرووپەکە بناسینن. دواتر پێی دەڵێن کە بەم مەرجانە ئەگەر بۆ ئێران بگەڕێیتەوە، بێگومان لەسێدارە دەدرێیت. جیا لەمە، لەم کەسانە چ خانم و چ پیاو فیلمی نائەخلاقی تۆمار دەکەن و هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر بەتەمای گەڕانەوە بن بۆ ئێران یاخود ڕاکردن لە ئۆردوگای گرووپەکە، ئەم فیلمانە بۆ خێزان و خزمەکانیان دەنێرن یان تەنانەت لە جیهانی مەجازی و ئینتەرنێتدا بڵاوی دەکەنەوە.»
جەختی کردەوە: «ئەگەر کەسێک هاوکارییان لەگەڵ نەکات، دژی ئەو سیناریۆگەلی جۆراوجۆری یاسایی دروست دەکەن، و بە بەهانەی جیاواز سکاڵای لێدەکەن، تا لە کۆتاییدا کەسەکە بۆ دەزگای ئەمنی هەرێم و پاشان بۆ دادگا بەڕێ بکەن و دوای چەند ڕۆژێک ڕوویەکی تری سیناریۆکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لەم قۆناغەدا نوێنەری گرووپەکە وەک دەستەبەر (کەفیل)ی کەسە دەستبەسەرکراوەکە کە لەژێر گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان یان دادوەری هەرێمدایە، دەردەکەوێت و کەسەکە لە دامەزراوەی دادوەری یان ئەمنی وەردەگرێتەوە. ئەم هەماهەنگییەی نێوان هەندێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و گرووپە دژە شۆڕشەکان، چەندین جار بەڵگەدار کراوە و کەوتووەتە بەر ناڕەزایەتی توندی ئێمەش.»
بە ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم دیپلۆماتکارە ئێرانییە، دەرکەوت کە ڕێوشوێنی تریش دژی سوژە ڕاکێشراوەکان جێبەجێ دەکرێت؛ ئەوان کەسەکان ناچار دەکەن هاوڕێیان، ناسیاوان و خزمەکانی خۆیان بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان بچووکە بە بەهانەی کاردۆزینەوە بهێننە هەرێم، پاشان بە بەڵێنی وەرگرتنی کارتی نیشتەجێبوون، مەرجە باشەکانی نیشتەجێبوون و تەنانەت پاڵپشتی لێیان بۆ کۆچکردن بۆ ئەورووپا، تەنانەت کچان و کوڕانی مێردنداڵی ١٣، ١٤ و ١٥ ساڵان بۆ خۆیان ڕادەکێشن و دوای هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیان دەپچڕێت و دەخرێنە دەستی گرووپەکەوە و تەنانەت تا تەمەنی ١٨ ساڵی ڕێگەی هیچ هاتوچۆیەک بۆ دەرەوەی هەرێمیان پێنادرێت؛ و دیارە کە هەمان ڕفتاری شەیتانی کە پێشتر باسی کرا، دژیان دەکرێت تا کەسەکە بە زۆر وابەستە و پاڵپێوەنراوی خۆیان بکەن.
گوتیشی: «ئەم گرووپانە لە جیهانی مەجازی و ئینتەرنێتدا کاناڵەکانی کاردۆزینەوە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێریش بەڕێوە دەبەن؛ کە بە مەبەستی ئاسانکاری لە ئەندامگیری لە نێوان کەسانی بەدوای کاردا وێڵ لە هەرێم، خراپ بەکاری دەهێنن.»
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایە ئێرانییە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتانە دەبێت بە هاوڵاتیانی ئێرانی بەتایبەت گەنجانی کوردی بەدوای کاردا وێڵ لە ئێران ڕابگەیەندرێت تا فێڵی پڕوپاگەندەی بەڕواڵەت جوان و بەڵێنە درۆینەکانی ئەم گرووپە نەیار و فێڵبازانە نەخۆن کە پابەندی هیچ بەها و پێوەرێکی ئەخلاقی نین. زۆربەی ئەم حاڵەتانەی کە بە ئێوەم ڕاگەیاند لە لایەن پەشیمانەکان و گەڕاوەکانی ئەم گرووپانەوە ڕاپۆرت کراون و لە لایەن ئێمەوە بەڵگەدار کراون.
دیدبانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم ڕفتارە نادژەمرۆییانە، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاوڵاتیانی ئێرانی ئاماژەپێکراو لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە دەکات.




