بەپێی ئەو زانیاری و ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەست دیدبانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW)، هەندێک لە هاووڵاتیانی ئێرانی نیشتەجێ یان شاغل لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ناسراو بە «ئاسایش» دەستبەسەر کراون؛ دەستبەسەرکردنەکان بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، نەک لەسەر بنەمای پرۆسەی دادوەریی شەفاف و یاسایی، بەڵکو بە بیانوو و بانگەشەی ناڕوون ئەنجام دراون.
ئەوەی ئەم ڕاپۆرتانە نیگەرانتر دەکات، بانگەشەی گواستنەوەی زۆرەملێی ئەم کەسانەیە بۆ ناو گرووپە چەکدارەکەی ناسراو بە PAK؛ گرووپێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕاپۆرت و تۆمەتی زۆر لەسەر ڕەفتارەکانی وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سنووردارکردنی ئازادی ئەندامەکان، گوشاری ئایدیۆلۆژی و شێوازی ناڕوونی ڕاکێشانی هێزی لەسەر بڵاو بووەتەوە. ئەم بابەتە دەکرێت وەک نموونەی پێشێلکاری چەندین چینی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی هەژمار بکرێت.
بەپێی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، هیچ مەقامێکی ئەمنی یان حکومی مافی ئەوەی نییە کەسانی دەستبەسەرکراو لە دەرەوەی پرۆسەی یاسایی، ڕادەستی لایەنێکی چەکداری نادەوڵەتی بکات؛ بەتایبەت کاتێک مەترسی ناچارکردن، سوءڕەفتار، مەشقی سەربازیی زۆرەملێ یان بێبەشبوون لە ئازادی گەڕانەوە لە ئارادا بێت.
ماددەی ٩ لە «پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)» جەخت لەسەر قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە دەکاتەوە و دەوڵەتان پابەند دەکات کە هەر جۆرە بێبەشکردنێک لە ئازادی دەبێت لەژێر چاودێری دادوەری و یاساییدا بێت. هەروەها ماددەی ٨ی هەمان پەیماننامە، هەر جۆرە کار یان خزمەتێکی زۆرەملێ قەدەغە دەکات.
گواستنەوەی زۆرەملێی کەسەکان بۆ ناو گرووپێکی چەکدار دەکرێت لە ڕوانگەی یاسایییەوە وەک جۆرێک لە «ڕادەستکردنی نایاسایی بە لایەنی چەکدار» و تەنانەت بەشداری ناڕاستەوخۆ لە پرۆسەی ڕاکێشانی هێز بۆ گرووپە نیمچەسەربازییەکان دابنرێت. ئەم پرسە کاتێک هەستیارتر دەبێت کە ڕاپۆرتەکان باس لە هەبوونی پاڵنەری دارایی و پارەدان لە بەرامبەر گواستنەوەی کەسەکان بۆ ئەم گرووپە دەکەن؛ بانگەشەیەک کە دەکرێت ڕەهەندی تاوانکاری و گەندەڵی ڕێکخراویش وەربگرێت.
لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی دەوڵەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانێت کردەوەکانی هێزەکانی ئاسایش تەنیا وەک «ڕەفتاری تاکەکەسی مەئموورەکان» هەژمار بکات. بەپێی یاساکانی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەوڵەتان، هەر کردەوەیەکی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ سەر پێکهاتەی حکومی و دەوڵەتی خانەخوێ. بۆیە، هەم حکومەتی هەرێم و هەم دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بەرپرسیارن لە وەڵامدانەوە، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارانە.
ئەم بابەتە، لە گۆشەنیگای پابەندییە ئەمنییەکانی عێراق بەرامبەر بە ئێران جێگەی سەرنجە. بەغدا پێشتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکان لەگەڵ ئێران پابەند ببوو کە چالاکیی گرووپە چەکدارە نەیارەکانی ئێران لە خاکی عێراقدا سنووردار بکات و بێچەکیان بکات. جووڵەی دامەزراوە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە ئاراستەی بەهێزکردنی هێزی مرۆیی ئەم گرووپانە، دەکرێت لە دژایەتی ڕاستەوخۆدا بێت لەگەڵ پابەندییە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق.
جگە لەوەش، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەر کەسێکی دەستبەسەرکراو دەبێت مافی پەیوەندی بە خێزان، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئاگاداربوون لە تۆمەتەکانی هەبێت. گواستنەوەی کەسەکان بۆ ناو گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی ئەم میکانیزمانە، دەکرێت زەمینەساز بێت بۆ بێسەروشوێنکردنی قەهری، دەستبەسەرکردنی نایاسایی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی.
دیدبانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران (IKHRW) ڕایگەیاندووە کە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری تەواوکەر، بەڵگەنامە و شایەتحاڵیی زیاترە لەسەر ئەم دۆسیەیە. پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتنێرە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف لەسەر ئەم بانگەشانە بکەن؛ چونکە بێدەنگی لە بەرامبەر هاوکاری نێوان دامەزراوە فەرمییەکان و لایەنە چەکدارەکان، دەکرێت ببێتە هۆی لاوازبوونی سەروەری یاسا.





