ڕاپۆرت

هێرش بۆ سەر کارگەی نیشاستە لە نەغەدە

شرۆڤەیەکی یاسایی لەسەر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز و پێشێلکردنی مافی مرۆیی

لە ئێوارەی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە نێوان کاتژمێر ٢١ بۆ ٢٢، بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی قایمقامی شارستانی نەغەدە و سەرچاوە ناوخۆیییەکان، هێرشێک کە دراوەتە پاڵ هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کارگەیەکی نیشاستە لە ناوچەی سێڕێی حەیدەرئاباد (پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) ئەنجام درا. ئەم هێرشە دامەزراوەیەکی پیشەسازیی سڤیلی کردە ئامانج و بووە هۆی قوربانیی مرۆیی و زیانی زۆر بە ژێرخانی بەرهەمهێنان.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا تا ئێستا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١ کەس بێسەروشوێنە و ١٧ کەسیش بریندار بوون. زۆربەی قوربانییەکان کارمەندانی کارگەی نیشاستەی نەغەدە بوون و یەکێک لە قوربانییەکانیش لە بەنزینخانەی بەرامبەر کارگەکەدا بووە.

ناوی گیانبەختکردووان:

١. عەزیز عەباس‌زادە – خەڵکی نەغەدە (کارگەی نیشاستە) – تا ئەم ساتە بێسەروشوێنە ٢. وەحید تالیبی – خەڵکی نەغەدە ٣. تەوحید بایرام‌زادە – خەڵکی نەغەدە ٤. ئەمیرحوسێن حەسەن‌زادە – خەڵکی نەغەدە ٥. ئەسغەر خودایاری – خەڵکی نەغەدە ٦. حوسێن محەمەدی – خەڵکی نەغەدە ٧. عەلی ئەکبەر ئوروج‌زادە – خەڵکی نەغەدە ٨. مەهدی قولی‌زادە – خەڵکی نەغەدە ٩. محەمەد عەلیزادە – خەڵکی نەغەدە ١٠. عەلی نەجەفی – خەڵکی ورمێ (بەنزینخانەی بەرامبەر کارگەکە)

بەهۆی سڤیلبوونی شوێنەکە و هەبوونی کارمەندان و هاووڵاتیانی سڤیل، ئەم ڕووداوە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە گرنگییەکی جدی هەیە.

شرۆڤەی یاسایی؛ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز

بەپێی ماددەی ٢ بڕگەی ٤ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی هێز دژی سەروەری یان سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەتان قەدەغەیە. تەنیا ئیستیسنای ئەم یاسایە لە ماددەی ٥١ی میساقەکەدا هاتووە کە ڕێگە بە دەوڵەتان دەدات لە کاتی هێرشی چەکداریدا مافی “بەرگریی ڕەوا” بەکار بهێنن. سەبارەت بەم ڕووداوە، تا ئێستا هیچ بنەمایەکی یاسایی ڕوون بۆ پاساوی ئەم کارە سەربازییە لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا ڕانەگەیەندراوە.

پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی (IHL)

یاساکانی IHL، بەتایبەت بنەما بنەڕەتییەکانی جیاکاری (Distinction) و هاوسەنگی (Proportionality)، دەوڵەتان پابەند دەکەن کە لە کاتی شەڕدا جیاوازی لە نێوان ئامانجە سەربازی و سڤیلەکاندا بکەن. بەپێی ماددەی ٤٨ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی کۆنفرانسی ژنێڤ (١٩٧٧)، دەبێت هێرشەکان تەنیا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان بن. هێرشکردنە سەر ناوەندێکی پیشەسازیی سڤیل وەک کارگەی نیشاستە، پێشێلکارییەکی جدیی ئەم یاسایانەیە.

هەروەها بەپێی ڕەشنووسی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان (٢٠٠١)، هەر کارێک کە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتێک پێشێل بکات، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو دەوڵەتە دروست دەکات و دەوڵەتی زیانلێکەوتوو دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات.

ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوون

  • ئاگادارکردنەوەی فەرمی و تۆمارکردنی ڕووداوەکە لای سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

  • خستنەبەحسی بابەتەکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی ماددەی ٣٥ی میساق.

  • بەدواداچوونی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ).

بە کورتی، هێرش بۆ سەر کارگەی نیشاستەی حەیدەرئابادی نەغەدە، بابەتێکی جدییە بۆ لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز و پاراستنی سڤیلەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button