لەو دوانزە چرکەیەدا کە کامێرای سی سی تی ڤی لە گۆڕەپانی تەجریش له تاران گیراوە، شتێک زیاتر لە تەقینەوەی مووشەک ڕوودەدات. ئەم چرکانە نوێنەرایەتییەکی پاڵەپەستۆکراوی بێ یاسایی و تیرۆر و پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و نێودەوڵەتین
بەپێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل کە دەڵێن خەڵکی مەدەنی نەکراونەتە ئامانج، ئەم گرتە ڤیدیۆیە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بۆردومانی ڕاستەوخۆی ناوچەیەکی قەرەباڵغی شار، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئامانجێکی سەربازی هەبێت. هەمان ئەو سیناریۆیەی کە چەندین جار لە کەرتی غەززە دووبارە بووەتەوە، ئەمجارەیان لە دڵی پایتەختی ئێران.
بەپێی مادەی ٥١ی پرۆتۆکۆڵی یەکەمی زیادە لە ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ (١٩٧٧)، پێویستە خەڵکی مەدەنی لە هەموو کاتێکدا لە کاریگەرییە تێکدەرەکانی شەڕی چەکداری بپارێزرێن. هەروەها مادەی ١٣ بڕگەی یەکەم و دووەمی پرۆتۆکۆڵی دووەم جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت دانیشتوانی مەدەنی بکرێتە ئامانج. هێرشکردنە سەر گۆڕەپانی تەجریش کە شوێنێکی قەرەباڵغ و مەدەنی و بێ بەرگرییە، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەو بنەمایانە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک تاوانی شەڕ پۆلێن دەکرێت.
بەڵام مەسەلەکە تەنها لە پێشێلکردنی یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکان سنوردار نییە. ماوە بزانین ئەم هێرشانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر ویژدانی گشتی و تەندروستی دەروونی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. دیمەنی بڵێسەی ئاگر و دوکەڵ و هاوار و ڕاکردنی خەڵکی ترساو لە شوێنێکی گشتیدا جۆرێک لە زەبر و زەنگی بەکۆمەڵ دروست دەکات، نەک تەنها بۆ ئەوانەی ئامادەن، بەڵکو بۆ ئەو ملیۆنەها کەسە کە ئەم وێنانە دەبینن. بەپێی مادەی 25ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە بەهرەمەند بێت لە ئاسایشی دەروونی و ئاشتی کەسی و کۆمەڵایەتی. پێشێلکردنی فەزای گشتی لە شێوەی لافاوێکی مووشەکدا پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەم مافە بنەڕەتیانە.
بەپێی ڕاپۆرتە دەروونییەکانی ناوچە جەنگییەکان، ئەو منداڵانەی کە شاهیدی ئەو جۆرە دیمەنانە دەبن، تووشی نەخۆشی PTSD (تێکچوونی فشاری دوای کارەسات) و کابوس و بێمتمانەیی کۆمەڵایەتی و قەیرانی دەروونی قووڵ دەبن. ئەو ژن و بەساڵاچوو و خێزانانەی لەم گۆڕەپانەدا بازاڕیان دەکرد یان بە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەگەڕان، نە سەرباز بوون و نە هەڕەشە بوون، بەڵکو هاوڵاتی بێ بەرگری بوون کە کەوتنە قوربانی سیاسەتی ڕژێمی ئیسرائیل کە “رێگریکردن بە تیرۆر” بوو.
جگە لەم ڕەهەندە دەروونییە، هۆشدارییەکیش لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی یاسای نێودەوڵەتییەوە هەیە. هێرشکردنە سەر ناوچە مەدەنییەکان لە وڵاتێکی دیکەدا (بەبێ ڕاگەیاندنی شەڕ یان مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان) نەک هەر پێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەیە، بەڵکو بە مانای داڕمانی پێکهاتەی یاسایی ئەو نەزمە جیهانییەشە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بە هیوای ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو دامەزرا.
بێباکیی دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و بێدەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایش و خۆبەزلزانینی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی بەرامبەر بە تاوانە دووبارەبووەکانی ئیسرائیل، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم ڕژێمەی کردووە بە ئەکتەرێکی بێ سنوور لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان کارەساتێکی مرۆیی و دەروونی دروست بکات.
بەم پێیە سیستەمی نێودەوڵەتی ئەرکێکی بەپەلە و ئەخلاقی هەیە:
دامەزراندنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەم هێرشە و کەیسەکانی دیکەی هاوشێوە؛
ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەم هێرشە بۆ داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان؛
دانانی میکانیزمێکی دەستبەجێ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ماددی و دەروونی بۆ قوربانیانی ئەم هێرشە؛
فشارەکانی سەر ئیسرائیل لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە ئێران و ناوچەکە ڕابگرێت.
ئەو فیلمەی لە گۆڕەپانی تەجریش بڵاودەکرێتەوە تەنها بەڵگەنامەیەکی بینراو نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکیشە بۆ دادگاییکردن. دادگاییکردنێک نەک تەنها بۆ ئەنجامدەرانی هەڵدانی مووشەکەکە، بەڵکو بۆ ئەو سیاسەتە پارێزگارییانە کە زەمینە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە خۆش دەکەن.
با دوانزە چرکە بێدەنگ نەبین؛
با دوانزە چرکە هاوار بکەین بۆ مافی مرۆڤ، بۆ یاسا، بۆ مرۆڤایەتی.