تراژديای کوژرانی منداڵانی کورد

  • ۱۲ مانگ پێش

وێنەی یەکێک لە فەرماندەکانی بەعس لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی کۆمەڵکوژ کردنی کوردەکان ناسراو بە ئەنفال.

ئەم وێنە دوای کوژرانی ماڵباتی ئەم منداڵە گیراوە. کۆمەڵکوژیەکە هەر لە سەر دەستی ئەو کەسە ئەنجام دراوە کە وێنەی یادگاری لەگەڵ ئەو منداڵەدا گرتووە.

کەس نازانێت ئایا بەرواری بەسەرچوونی ئەم منداڵە بەس تا کۆتایی گرتنی وێنەکە بووە و دوای ئەوە وەک هەزاران منداڵی دیکە بەزیندوویی نێژراوە یا ئەوەی کە ئەم بکوژە دەورێکی هەتاهەتایی لە رزگارکردنی ئەم منداڵەی بۆ خۆی دەسنیشان کردووە. بکوژ و رزگار کەر.

منداڵەکە مات و واقە، وەک بڵێیت زانیبێتی کە گریانی دەبێتە هۆی شێواندنی وێنەکە و تەمەنی کورت تر دەکاتەوە، وەک بڵێیت بەس بەختی زیندوو ماینی تا دوای تۆمارکردنی ئەو وێنەیە، بەس نەگریانە. وەک بڵێیت دەزانێت ئەمە یەکەمین و دوائین بوونییە لە بەردەم چاوانی گشتی، ئەمە بەس ئەوەندە دەرفەتی پێدەدات تا بژیت، ژینێک بە درێژایی تۆمار کردنی وێنەیەکی بابەتیانە. ئەو لەم دۆخەدا دەبێت ببێتە شتێک کە چوارچێوەی کامێراکە پڕ بکاتەوە، شتێک کە بەشەکانی دیکەی ئەو دوو سەربازە چەکدارە و کۆپترێکە.

دوای 25 ساڵ، بەڵام وەک بڵێیت چاو لێکردنە واق و ماتەکانی ئەو منداڵە هێشتا بەرچاوترین و ڕوونترین گێڕانەوەیە لە کۆمەڵکوژی نەوەیەک. کۆمەڵکوژییەک کە هێشتا درێژەی هەیە، گەر ئەو کات منداڵانی کورد لەسەر دەستی ڕژیمی ستەمکاری سەدام و هاوڕێتی ڕەجەوی دەکوژران، بەڵام ساڵانێکی هەندێک پارتی کوردی کە باسی کورد و کوردستان دەکەن، بە شێوەی جیاواز ئەو منداڵانە لە ماڵەکانیان دادەبڕن و دەیانبەن بۆ شوێنی نادیار کە پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان یا باشتر بڵێین شوێنی کوشتنی کوردەکان و ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو کەس دەزانێت بەڵام بێدەنگییەکی سەرسووڕ هێنەر هەموو لەشی تەنیوەتەوە.

منداڵێک کە لەم وێنەیەدا دەبیندرێت دەرفەتی هەبووە تا دوای کوشتنی ماڵباتەکەی لەگەڵ بکوژەکە وێنەی یادگاری تۆمار بکات بەڵام بەداخەوە کە هەندێک پارتی باسی ئەوە دەکەن کە لە کوردستان تەنانەت خۆیان تا ئەوەندەش دەدزنەوە و دەڵێن منداڵ لەنێو پارتەکەیان دا نییە.

کەس سەرنجی چاولێکردنی ئەم منداڵە سەربازانە کە گیریان خواردووە لەنێو پارتەکاندا نادات هەر لە ڕۆشنبیرە لافازانەکانەوە بگرە لەم بەری سنوورەوە تا ئەو پەڕی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

وێنەکانی بارزانی و تاڵبانی ئەوەندە شوێنەکانیان پڕ کردووتەوە و ماسیون کە چیتر شوێنێک بۆ وێنەی ئەم منداڵانە نەماوەتەوە.

ژووری “ڕۆشنبیرانی لافازان” پڕ بووە لە وێنەکانی مام جەلال و کاک مەسعوود و کەسانی دیکە و چیتر شوێنێک بۆ هەڵواسینی ئەم وێنەو  چاولێکردنە لە پێش چاوانمان نەماوەتەوە.

باسی ڕۆشنبیری لە کوردستانیش وەها دیلی خەونی حزبی و پارادایمە دەسکردە خەوناویەکان بووە کە گەر ناڕزایەتی لە پارتێک دەرببڕێت کە بۆ لە پێناو شەڕەکانتان منداڵەکان بەکار دێنن وەها هێرش دەکاتە سەرتوو و جنێوت پێ دەدات کە گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵ دەکەیت، بێ ئاگا لەوەی کە ئەمە لە مێژوودا دەمێنێتەو و ناسڕدرێتەوە.

هاوڕێیەک دەیپرسی ئێستا کە باسی نەوەکوژی کورد لەسەردەستی سەدام و بەعسییەکان بە هاوڕێتی ڕێکخراوی ڕەجەوەییە بۆ دەبێت پارتی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بڕوات و لەگەڵ دارودەستەی ڕەجەوی لە سەر مێزێک دابنیشێت؟ بەڵام وڵامەکە ئەوەندە کورت و ڕوون بوو کە شوێنی بۆ هیچ جۆرە باسێک نەدەهێشتەوە.

“کاتێک قاسملوو سەرۆکی حدکا لە کاتی شەڕی ئێڕان و سەدام دەڕوات بۆ لای سەدام و ڕەجەوی و دەبێتە هاوپەیمانیان چیتر جێگای سەرسووڕمانی دووبارە بوونەوەی ئەو کردارە نییە؟ هەڵبەت هەر وەک ئەو کاتە دووبارە سەریان بێ تاقیلە دەمێنێتەوە”.

هەندێک ڕاستی تاڵ بوونیان هەیە،

سیستمی دەوڵەتی ئێران بەگشتی تێڕوانینێکی پەراوێزی بۆ کوردەکان هەیە واتە گەر بۆ منداڵێکی تارانی ڕفاندنێک ڕوو بدات هەموو سیستمی پۆلیس دێتە نێو گۆڕەپانەکەوە و میدیا و بلیمەت و بەناوبانگەکان شەو و ڕۆژ هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کە ئەم منداڵە تارانییە بدۆزرێتەوە و رفێندرەکان سزا بدرێن بەڵام هاوشێوەی ئەم ڕووداوە منداڵێکی کورد ئەویش کچ لەسەردەستی هەندێک ملیشیا لەنێو ماڵەکەی لەبەرچاوی باوک و دایکی دەرفێندرێت و وەک بڵێیت قەت هیچ ڕووی نەداوە و بۆ کەس گرنگ نییە کە چی ڕووی داوە بۆ ئەم ماڵباتە و دەنگیان بە هیچ کوێ ڕا ناگات، پارتەکان کە ئەوەندە باسی زل و بریقەدار دەکەن تەنانەت ئامادە نین ڕێگا بدەن کە ئەو باوک و دایکە جارێک کچەکەیان ببینن و بەڵام ئەوەی خۆی بە قسەی خۆی بە سەرۆکی 50 ملیۆن کورد دادەنێت واتە کاک مەسعوود بارزانی نە تەنیا ‎یارمەتی ئەم ماڵباتانە نادات بگرە هەر ئیشێکیش دەکات بۆ ئەوەی کە ئەم پارتانە بگەنە ئارمانجەکانیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک