هەڵاتنی ستارە زادهش لە پەژاک

  • ۱ ساڵ پێش

چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ستارە، ئاگادار بوەوە کە توانیویەتی لە پەژاک هەڵبێت.

هەڵاتنی ستارە لە پەژاک لە دیمانەیەک دا لەگەڵ پەیامنێری چاودێر و چیرۆکی حەوت ساڵ بووین لەنێو ملیشیاکانی پەژاکی بەدواوە بوو.

ستارە بەسەرهاتی خۆی بەمجۆرە دەگێڕێتەوە: 16 ساڵان بوو کە بە پێداگری ماڵبات هاوسەرگیریم کرد، ساڵی سێیەمی ناوەندی بووم کە خۆمم لە ماڵی شوودا بینیەوە. بەڵام چ هاوسەرێک. تەنانەت ڕۆژێکی خۆشم نەبوو و نەمدەتوانی هیچ بکەم  و ناچار بووم کە درێژە بە ژیانم بدەم. ساڵێک تێپەڕ بوو کچێکمان بوو. هەستم کرد بە هاتنی ئەم کچە ژیانمان باشتر دەبێت بەڵام بەس خەون بوو. لەگەڵ لەدایکبوونی ئەو کچە کێشەکانم لەگەڵ هاوسەر و ماڵباتەکەی زۆرتر بوو. چیتر توانای ژیانم نەمابوو و تەنانەت چەند جار بڕیارم دا خۆم بکوژم بەڵام ئەمەم نەکرد.

لەو کاتەدا ئەندامانی پەژاک هاتوچۆی گوندیان دەکرد و هەندێک جار دەمبینین و چەندجارێک قسەم لەگەڵ کردن و دەردەدڵم لەگەڵ دەکردن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ئاگاداری کێشەکانی ژیانم بن و بەزانابوونی ئەم پرسە خۆیان لەمنەوە نێزیک کردەوە و هەرجار پێمیان دەگوت دەتوانم ژیانێکی باشترم لەلای ئەوان هەبێت، منیش بەتەواوەتی لەژیانی گوند وەرەس ببووم و ویستی خۆکوژیم هەبوو بۆیە باشترین بژاردە بوو بۆ من لەنێوان خراپ و خراپتر دا. لەگەڵ ئەندامانی پەژاک ڕۆشتم بۆ ئێراق. دەستبەجێ پەروەردە دەستی پێکرد. هەر ڕۆژانی سەرەتا پاشگەز بوومەوە، ئەوەی دەمبینی لەگەڵ ئەوەی پێیان وتبووم جیاواز بوو. نە تەنیا ژیانێکی ئاسوودە نەبوو کە بەڵێنیان پێ دابووم بگرە زۆر دژواریش بوو. بە ئەندامانی پەژاکم وت کە من ناتوانم لێرە بژیم و دەمەوێت بگەڕێمەوە بەڵام دژایەتیان کردنم و چەندین جار هەڕەشەیان لێکردم و تەنانەت وتیان باوکم وتوویە گەر بمبینێت دەمکوژێت، هەڵبەت دواتر زانیم کە ئەمانە بەس قسە بوو و بۆ ترساندنی من بوو.

هیچم پێ نەدەکرا و هیچ شوێنێکیشم نەدەناسی کە هەڵبێم. بە ناچار بڕیارم دا لەوێ بژیم. ژیانێک وەک دۆزەخ. دژواری زۆرم کێشا کە هیچ کات لە ژیانی ڕابردووم دا نەمبینیبوو تەنانەت بیریشم لێ نەکردبووەوە چ بگات بەوەی کە بەوجۆرە بژیم. ماوەیەک لەوێ بووم بەتەواوەتی مێشکیان شتمەوە. بەجۆرێک کە تەنانەت بیرکردنەوە لەماڵباتم بە گوناح دەزانی  و هەستم بە ناپاکی دەکرد. وایان لێکردبووم کە ماڵبات بەلامەوە هیچ واتایەکی نەبوو و باشترین ژیان ئەوەی شاخ بوو.

دوای ساڵێک زانیم کە برا بچووکەکەم هێمنیش تەڤلی بووە. لەوێ بوو کە زانیم چیم بەسەر خۆم و ماڵباتەکەم هێناوە، بەڵام چیتر درەنگ ببوو. تەنیا ڕۆژێک ڕێگەیان دا یەکتر ببینین و لەوێ بوو کە ‌هێمن وتی بەدوای من دا هاتووە کە ڕزگارم بکات بەڵام زیاتر لە کاژێر ڕێگەیان نەدا قسە بکەین و دەستبەجێ ئەویان گواستەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لەو ڕۆژە بەدواوە تێکچووم چیتر بیرم لەخۆم نەدەکردەوە و بەس دەمویست برا چکۆلەکم ڕزگار بکەم بەڵام چیتر ئاگاداری نەبووم و ڕێگەشیان نەدەدا یەکتر ببینین.

چەند ساڵێک لەم دابڕان تێپەڕ ببوو و چەند مانگێک پێش ئەوەی کە هەڵبێم بە هەڵکەوت براکەم بینی هەڵبەت بەس بەڕواڵەت هێمن بوو، کە قسەم لەگەڵ کرد چیتر ئەو برا سادە و دڵ بە بەزەییە نەبوو. چی لێهاتبوو؟

وەها مێشکیان شتبووەوە کە چیتر منی وەک خۆشکی قبوڵ نەدەکرد. هەر ئەو برایە کە بۆ ڕزگار کردنی من هاتبوو وەها کەوتبووە ژێر کاریگەری و مێشکیان شتبووەوە کە بیری لەمن و ماڵباتەکەی نەدەکردەوە. بەڵام من نەمدەتوانی واز لەبراکەم بێنم. پێم وت کە لە کاتێکی گونجاو دا پێکەوە هەڵبێین و خۆمان ڕزگار بکەین. هێمن کە لەژێر کاریگەری دا بوو، بە پەژاکی وت و دەستبەجێ لەگرتووخانەیان کردم. بۆ دەکرا ئەو برا چکۆلەیە کە بۆ ڕزگارکردنی خۆشکەکەی هاتبوو بەمجۆرە گۆڕدرابێت؟ دەتگوت دنیام بەسەردا ڕووخابوو، ڕقم لەخۆم دەبووەوە، بەدەستی خۆم برا چکۆلەکەم خستە نێو چاڵێکی وەهاوە.

ستارە 45 ڕۆژ لە گرتووخانە بوو

هەمووی ئەو ماوەیە هەر سێ ڕۆژ جارێک دوو ئەندامی پەژاک دەهاتنە گرتووخانە  و هەوڵیان دەدا کە پاشگەزم بکەنەوە. کەڵکیان لەر ڕێبازێک وەردەگرت، هەر لە کاولکردنی کەسایەتییەوە بگرە تا هەڕەشەی کوشتن. پێمیان وت گەر هەڵبێم، براکەم و باوکم بە هۆی ناپاکییەوە دەمکوژن. کە ئازاد کرام دوای چەند ڕۆژی دیکە لەسەر بڕیارەکەم بۆ هەڵاتن سوور بووم، کاتی گونجاو ڕەخسا و لەوێ هەڵاتم و خۆم گەیاندە گوندێک لەهەرێمی کوردستان و لەوێیەوە پەیوەندیم لەگەڵ ماڵيوە کرد کە هەر هەموویان چاوەڕێ پەیوەندیم بوون. دوای پەیوەندیەکەم براکەم کە ئەندامی پەژاک دەیانگووت هەڕەشەی کوشتنی لێکردووم، دەستبەجێ بەدوامدا هات و دوای چەند ڕۆژ توانیم بگەڕێمەوە گوندەکەمان.

لەوەی کە گەڕاومەتەوە باوەشی ماڵباتەکەم زۆر بەختەوەرم بەڵام هەموو کات بیر لە برا چکۆلەکەم دەکەمەوە نازانم چ دەکات، بەس هیوادارم ئەویش بتوانێت ڕۆژێک خۆی ڕزگار بکات و کۆتایی بەم ئازاری وێژدانەی من بێت.

فرار ستاره زادهش از پژاک

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

کوردی

نوێترین ناوەڕۆک