دژبەران لەتورکیا بە دوای جێگرەوەی ئەردۆغان/کاریگەری و گرنگایەتی بۆ کوردان

  • ۲ سال قبل

ڕۆژ بە ڕۆژ دڵنیابوونی دژبەرانی ئەردۆغان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۳ و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات زۆرتر دەبێت. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە ناتوانی ئابووری دەوڵەتی ئەردۆغان و پارتەکەی گەیشتووتە لووتکە و ئێستا ملیۆنان هاوڵاتی ئیسلامی کۆنەپارێزیش هیوا و متمانەیان بە سەرۆک کۆمار نەماوە.

بۆیە هەر هەموویان باسی هەڵبژاردن دەکەن و دژبەران بەدوای ئەوەدان تا زووتر ئەردۆغان و هاوبەشەکەی باخچەلی لە سەر دەسەلات لابدەن.

باس لەبارەی هەڵبژاردنی ۲۰۲۳و ناساندنی جێگرەوەی ئەردۆغان، جگە لە کۆڕە ناوخۆیەکانی تورکیا، سەرنجی شرۆڤەکارانی دەرەکیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

فایننشال تایمز شرۆڤەیەکی کۆمکرێتی ئامادە کردووە لەبارەی ئەم بابەتە و پێش بینی و لێکدانەوەی دژبەرانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی دیکە باس کردووە کە چ کەسێک بەجێگای ئەردۆغان هەڵدەبژێردرێت.

سەردێڕی تایمز ئەمەیە: “هەڵگرتنی شکست بۆ ئەردۆغان: ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەدوای پاڵەوانیەوەیە”.

دژبەرێکی چاوێلکەیی بە جانتایەک لە شکست و سەرکەوتن

لە ڕاپۆرتی فایننشال دا ئاماژە کراوە کە کەماڵ قڵیچدار ئۆغڵوو سەرۆکی جەهەپە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، زۆر جار لە تێکۆشانەکان لەبەرانبەر ئەردۆغان شکستی هێناوە و نەیتوانیوە سەربکەوێت.

بەڵام لە هەڵبژاردنی ۲۰۱۹ و لەڕێگای هاوپەیمانی لەدژی ئەردۆغان شکشتێکی قورسی بە ئەردۆغان هێنا و شارەوانی سێ شاری گرنگ و ستراتژی ئەستەنبۆل و ئەنکەرە و ئەدەنەی لەئەردۆغان ستاندەوە.

ڕاستییەکە ئەمەیە کە خودی کەماڵ زۆر حەز دەکات بەربژێر بێت بۆ سەرۆک کۆماری و بڕواتە کۆشکی ئاک سارای لە بێش تەپەی ئەنکەرە.

یەکێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن وتبووی: گەر ساڵی ڕابردوو پرسیاریان لێدەکردم دەمگووت سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ دژبەران مسۆگەر و ئەردۆغان دەیدۆڕێنێت. بەڵام ئێستا کەمتر بڕوام بەم بیرۆکەیە هەیە. پێم وایە کە دژبەران بۆ سپاندنی شکست بە سەر ئەردۆغان دا دەبێت ئاستەنگی زۆر تێپەڕێنن کە گرنگترینیان دەسنیشان کردنی بەربژێری هاوبەشە. گۆمانم هەیە کە کەماڵ بتوانێت سەرۆک کۆمارێکی باش بێت بۆ تورکیا  و بەختی کەمی هەیە کە سەربکەویت. دەبێت کەسێک ببێتە بەربژێر کە ئەردۆغان نەتوانێت بە ئاسانی قوتی با. لەبیر نەکەین کە ڕکەبەرایەتی لەگەڵ رامیارڤانێکی فێلباز و بە ئەزموون کە وێڕای هەڵاوسانی ۶۱ لەسەد هێشتاش خۆشەویسترین ڕامیارڤانی وڵاتە، ئیشێکی ئاسان نییە”.

دوو هاوڵاتی، دوو ڕکابەری مەترسیداری ئەردۆغان

فایننشال لە ڕاپۆەتەکەیدا ناوی دوو بەربژێری شیمانە کراوەی ورووژاندووە کە هەردووکیان زۆر بە هێز و حەز لێکراون.

  • منسر یەواش شارەوانی ئەنکەرە کە کۆنەپارێز و نەتەوەپەرەستێکی زۆر بە ئەزموونە
  • ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو شارەوانی ئەستەنبول کە گەنجترە بەڵام دەتوانێت لە هەموو لایەنە ڕامیاریەکان و کۆمەڵایەتییەکان دەنگ وەربگرێت.

هەڵبەتە شرۆڤەی زۆرینە لەبارەی ئیمام ئۆغڵوو ئەمەیە کە ئەو ناسنامەی حزبایەتی و ئایدیۆلۆژیکی وەها ڕوونی نییە و زۆر حەزی لە دەسەڵات و پلەیە. بۆیە یەکێک لە دژبەرانی ئەردۆغان وتوویە: “ئیمام ئۆغڵوو زۆر دەسەڵات خوازە، ئەو ناتوانێت سیستمی سەرۆک کۆماری دانراو لەلایەن ئەردۆغانەوە هەڵپێچێتەوە. چوونکە ئەم سیستمە، گەرەنتی کەری تاک ڕۆیی و دەسەڵاتی ڕەها و بێ چاودێریە. لەوانەیە ئیمام ئۆغڵوو ئەردۆغانێکی نوێ بێت. کەس ئەمەی ناوێت. کاتێک کە گەیشتیتە ئەو پلە و دەسەڵات و پایەیە، دەتوانی هەرئیشێک کە پێت خۆشە ئەنجامی بدەی”.

ڕامیارڤانێکی دیکەش لە دژایەتی ئەم بۆچوونە وتوویە: “تەنیا هاوشێوەیی ئیمام ئۆغڵوو و ئەردۆغان لەمەدایە کە ئەویش خەڵکی ناوچەی دەریای ڕەشە و لە گەنجی یاری تۆپی پێی کردووە. جگە لەمانە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە”.

دەنگی کوردان

یەکێک لەبابەت گرنگەکان بۆ سەرکەوتنی ڕکەبەرێک کە لەبەرانبەر ئەردۆغانەوە دێتە نێو گۆڕەپانەوەوە، شێوەی هەنگاونانی کوردانە. ڕاستییەکە ئەمەیە کە مەنسوور یەواش شارەوانی ئەنکەرە شانسێکی زۆرتری هەیە بۆ سەرکەوتن، بەڵام نەتەوەپەرەستێکی تورکە و بەدڵنیایەوە کوردەکان دەنگی پێنادەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیمام ئۆغڵوو پەیوەندی باشی لە گەڵ کوردان هەیە و دەتوانێت دەنگەکانیان بۆ خۆی ببات.

هێشتا دیار نییە کە ئایا یەواش خۆی بەربژێر دەکات یا ئیمام ئۆغڵوو. بەڵام پرسەکە ئەمەیە کە قڵیچدار ئۆغڵوو شرۆڤەی جیاوازی لەبارەی ئیمام ئۆغڵووەوە هەیە. ئەو پێی وایە کە ئەنجوومەنی شاری ئەستەنبول قەڵایەکی گرنگە و گەر ئیمام ئۆغلوو لەوێ دەربکەوێت، بەدڵنیایەوە یەکێک لە ڕامیارڤانانی ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان جێگای دەگرێتەوە، شارەوانی ئەستەنبۆل بەدەستەوە دەگریت و هەڵگرتنی وەها شتێک بۆ دەوڵەتی داهاتوو زۆر دژوار و پڕ تێچوو دەبێت.

سەرکەوتنی بە تێکڕایی یا دەنگی ناپلێوێنی؟

ئەردۆغان کەسایەتییەکی ئاڵۆزە و بە ئاسانی شکست ناپەژرێنێت. گەرچی لە ئەستەنبۆلیش وەهای کرد و نەیدەتوانی بپەژرێنیت کە بن عەلی یڵدرم هاوڕێی نێزیکی لەبەرانبەر ئۆغڵوو شکستی هێنابێت.

بۆیە فەرمانی دا هەڵبژاردنی ئەستەنبۆل جارێکی دیکە بەڕێوە بچێت. واش کرا و ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن، لە لووتکەی نابەوەڕیدا، سەربەخۆیی خۆی نایە لایەوە و خۆی ڕادەستی خواستی ئەردۆغان کرد. بەڵام لەگەڵ ئەمەش، ئۆغڵوو دووبارە بە دەنگی زۆرترەوە سەرکەوت. بەڵام ئێستا دژبەرانیئەردۆغان بە پشت بەستن بەم ئەزموون و بیرەوەریە گرنگە پێیان وایە کە گەر رکابەری ئەردۆغان بە جیاوازیەکی کەم و ناپلێوێنی سەربکەوێت، ئەردۆغان لایەنگرانی دێنێتە سەر شەقام و خوازیاری هەڵبژاردنی دووبارە دەبێتەوە. لەئەنجامدا بەربژێری رکابەر، دەبێت مەودای ڕژدی لەگەڵ ئەردۆغان هەبێت و سەرکەوتنی تێکرایی بەدەست بێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی فایننشال تایمز، یەکێک لە بەرپرسانی باڵانی پارتی باش ڕایگەیاندووە کە مورال ئاکشەنەر سەرۆکی ئەم پارتە بەدوای ئەوە دایە تا بتوانێت بە ئاسانی ئەردۆغان لە خولی یەکەم شکست بدات و بێ ئەوەی خولی دووەم بەڕێوە بچێت سەربکەوێت و ئیشەکە تەواو بکات. لەلایەکی دیکەوە تایمز نووسی کە هەندێک هێما و نیشانە هەن کە ئاکشەنەر لەوانەیە پاڵپشتی لە ئیمام ئۆغڵو بکات.

هەمووی ئەمانە لەکاتێکدایە کە هێشتا چارەنووسی عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغڵوو دیار نییە و ئەم دوو ڕامیارڤانە بە ئەزموونە ڕایانگەیاندوو کە لە هەڵبژاردن دا سەربەخۆ بەشداری دەکەن و لە هاوپەیمانی دژبەراندا نابن. بەڵام ئەم شیمانەش هەیە کە بڕیاری وەها پێشەکییەک بێت بۆ باس و دانوستاندن بۆ وەرگرتنی خاڵی زۆرتر.

سەرچاوە: فایننشاڵ تایمز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

کُردی

آخرین مطالب